با تێ‌بکۆشین له پێناو ده‌رکردنی تورکیای داگیرکه‌ر
ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
چه‌ندان ساڵه هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکردووه‌و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون و رۆژانه له رێی تۆپی جۆراوجۆر‌و ههلێکۆپتهرو فرۆکه‌ی جه‌نگییه‌وه به‌خه‌ستی ناوچه‌کانی کوردستان تۆپباران ئه‌که‌ن و ئه‌وه‌ش ئه‌بێته هوێ ئاواره‌کردنی خه‌ڵکی سڤیلی بێده‌سه‌ڵات و سوتاندنی ماڵ و سامان و ئاژه‌ڵ و پوش و پاوان و دارستانه‌کانیان و تا ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆریش له هاوڵاتیان شه‌هید کراون.
نه هه‌ر له باشور به‌ڵکو له باکوری کوردستان ده‌وڵه‌تی تورکیای ره‌گه‌زپه‌رست به فه‌رمانی سه‌رۆکه‌که‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ناوچه کوردنشینه‌کانی وێران کرد‌و، هاوڵاتیانی به‌گشتی و سیاسی و ئه‌ندامه کورده‌کانی په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی ده‌ستگیر کرد‌و، تا هه‌نوکه له زینداندان و، کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ و، یه‌کێتی ئه‌وروپاو، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و، حکومه‌تی عێراق نقه‌یان لیوه نایه‌ت و، هه‌موویان بێده‌نگن.
رژێمی تورکیای ره‌گه‌زپه‌رست له ساڵی 2015 وه تا ئێستا به فه‌رمانی سوڵتانه ئیسلامییه‌که‌ی عوسمانلییه‌کان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سوپای تورکیا ئوپراسیۆن له دووای ئۆپراسیۆن دژ به کورد‌و کوردستانیانی باکورو باشور‌و رۆژئاوا به‌رێوه ئه‌بات و، تاوانی جینوسایدو قه‌لاچۆکردن ئه‌نجام ئه‌دات و، شار‌و گوند‌و ماڵی هاوڵاتیان وێران و خاپور ئه‌که‌ن و، له لایه‌ن جه‌نده‌رمه‌و سه‌ربازانی تورک ماڵ و موڵک وسامانیان به تاڵان بران و، ئه‌و کوردانه‌ی له‌ده‌ستی سوپا رزگاریان بووه بوونه‌ته کۆچبه‌رو، ژیانێکی تاڵ به‌سه‌ر ئه‌به‌ن.
تورکیای ره‌گه‌زپه‌رست بەھۆی داگیرکردنی چەندین ناوچەی باشووری کوردستان بووەتە خاوەن ماڵ و دەسەڵات و سەربەستانە ھاتووچۆ ئەکات و، سیخورەکانی لەناو خاکی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی ئەندامانی میتی تورکی لە کەرکوک زۆر زیادی کردووه‌و، تورکیا په‌یتا په‌یتا و به ئاشکه‌را ئه‌فسه‌رو سیخور ره‌وانه ئه‌کات بۆ پاراستنی تورکمانه‌کان و. له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا (ته‌موز) به هوێ هه‌واڵگیری سیخۆره‌کانی میت شۆرشگێرێکی سه‌رکرده‌ی { پارتی کرێکارانی کوردستان ـ دیار غه‌ریب} و دوو گریلای هاورێی شه‌هید بوون و، دیاره پەیوەندی تورکیا‌و ھەرێمی کوردستان لە خزمەتی تاقمی ئەردۆگانی ئیخوان ئه‌لموسلمینی سهرلێشیواوو، حزبه‌که‌ی ئاگپارتییه‌و، به پێی به‌رپرسانی تورکیا‌و کوردستان پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی غاز‌و نەوت و دۆلاره‌و، به‌ختی تورکیا له هه‌ڵکشانه ، چونکه نه‌وت به مفت هه‌رزان وه‌رئه‌گرێ.
سه‌ره‌رای شاڵاو هێرشی سوپا و جه‌ندرمه بۆ شار‌و دێهاتی باکوری کوردستان و، تا ئێستا تورکیا له شه‌رێکی ناوخۆیی سه‌خت و دوژواردایهو، به ئاگرو ئاسن ره‌فتار له گه‌ڵ ماف و داواکارییه ره‌واکانی کورد ئه‌کات و، ده‌ستی له راونان و گرتن و زیندانیکردن و کوشتنی رۆڵه‌کانی کورد هه‌ڵنه‌گرتووه.
رەجەب تەیب ئەردوگان خاوەنی ھێزی چەکدارییە کە پەیرەوی سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد ئەکات و، نایشارێته‌وه‌و راشکاوانه ئەڵێت: پێخۆشحاڵم بەو ھاوکارییە ئابورییە گەورەیە لە نێوان تورکیا‌و (ئیدارەی کوردی) هه‌یه‌و، ( ئه‌ردۆگان و تاقمه‌که‌ی و هه‌موو دوژمنانی کورد قەت ناڵێن ھەرێمی کوردستان) و، ئه‌ڵێن ئیداره‌ی کوردی یان شمال العراق.
تورکیا له سه‌ر خاکی باشوری کوردستان خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌یه ( بێ سنووره) له بنکه‌و پێگه‌ی سه‌ربازی و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و، خواکورکی داگیرکردو، به شۆفل و گریدهرو که‌ره‌سته‌ی رێگاوبان شه‌وو رۆژ خه‌ریکی داربرین و شێواندنی زه‌ویی و زاری هاوڵاتیانن و، به‌رده‌وامن له لێدانی رێگای نوێ وقیرتاوکردنی به‌ره‌و قوڵایی له ناو خاکی باشوری کوردستان.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ئه‌یه‌وێت خه‌لافه‌تی( ده‌وڵه‌تی عوسمانی) زیندوو بکاته‌وه‌و، تورکیا وه‌ک وڵاتێکی داگیرکه‌ر هه‌لی بۆ ره‌خساوه درێژه به داگیرکردنی خاکی وڵاتان بدات و، له رابووردوودا قوبرسی داگیرکردو، وبارگرژی له گه‌ڵ یوناندا دروستکردو، به هوێ دروستبوونی شهر له سوریا، تورکیا به یارمه‌تی تیرۆریست و چه‌ته‌کانی به‌ناو ئیسلام و شام و سوڵتان توانی به‌شێک له خاکی سوریا‌و رۆژئاوای کوردستان وه‌ک جرابلوس و ئه‌لباب و عه‌فرین و به‌شێک له مه‌نبج داگیر بکات و، له ئێستاشدا بێ له مۆڵگه‌و بنکه سه‌ربازییه‌کانی له ناو خاکی کوردستان له خواکورک و سیده‌کان خاکی کوردستان داگیر ئه‌کات و، به‌ره‌و قوڵایی ناوچه‌کانی کوردستان پێشره‌وێ ئه‌کات.
جێی شه‌رمه‌زارییه به‌رپرسانی کوردستان هه‌ر له سه‌رۆک هه‌رێم و سه‌رۆک حکومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سه‌ردانی تورکیا ئه‌که‌ن و، پێشوازی له به‌رپرسانی تورکیا‌و شاندو هه‌واڵگیرییه‌کانی به گه‌رمی ئه‌که‌ن و، نه‌خشه‌کانی تورکیا به فه‌رمانی ئه‌وان جێبه‌جێ ئه‌کرێن و، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی تورکیا که‌نترۆڵ کردنی خاکی کوردستانه و، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکومه‌ت له باتی ئه‌وه‌ی تورکیا‌و هێرشه‌کانی ریسوا‌و شه‌رمه‌زار بکات، پاساو ئه‌هێنێته‌وه‌و، رووی تورکیا سپی ئه‌کات و ئه‌ڵێت:
(( ئه‌و کرده‌وانه‌ی په‌که‌که ده‌یکات نه لۆژیک، نه ویژدان قبوڵی ناکات)) و، وادیاره ئه‌وه‌ی تورکیا ئه‌یکات جێی قبوڵه و، پێشتر به‌رپرسه باڵاکانی هه‌رێم و حکومه‌ت چه‌ندان جار ئه‌یانوت : ئه‌بێ میوانه‌کان، مه‌به‌ست (PKK ) یه برۆنه ده‌ره‌وه.
پێویسته سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی نوێی حکومه‌ت پێشێلکارییه‌کانی تورکیا له ناو خاکی کوردستان رێسوا بکه‌ن و، بتوانن قه‌ره‌بوی ماڵ وێرانی هاوڵاتیان و شه‌هیده‌کان بکه‌ن و، داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن بنکە سەربازییەکانی و، ھێزە چەکدارەکانی لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەڵبگرێت و بەرەو تورکیا بیانباتەوە، چونکە مانەوەی ئەو بنکانە مەترسیدارەو ئامادەکاریە بۆ شەرێکی گڵاوو دژوار لە دژی گەلی کوردستان و، ھەرلە ئێستاوە ئەبێ گەڵی کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ شەرێکی مان و نەمان لە گەڵ رژێمێکی خوێنرێژو ره‌گه‌زپه‌رست.