٢٠ ساڵە لەبیر خەڵکی ئەبەنەوە، کەچی خەڵك هەر ئاپۆچیە!
پەیکار عوسمان
٢٠ ساڵە تاریکیی دەرخوارد ئەیەن
ئەو چرای مەعریفەیە
ئیتر خۆر چیە؟
٢٠ ساڵە ئیرادەی ئەخۆن
ورەی ئەو هەر تێرە
ئیتر دوژمن چیە؟
٢٠ ساڵە بچوکی ئەکەنەوە
ئەو هێشتا شەڕ بەم دەس و ئاشتیش وا بە دەستەکەی تریەوە
ئیتر ئەفسانە چیە؟
٢٠ ساڵە لە نەخشەکەی دائەبڕن
ئەو نەخشەی ڕێیان ئەداتێ
ئیتر عەقڵ چیە؟
٢٠ ساڵە لە چاڵی مەرگی ئەنێن
ئەو ژیان ئەنوسێتەوە
ئیتر کتێب چیە؟
٢٠ ساڵە ئەیبەستنەوە
ئەو بچێ بۆ مێژوو لە ئایندەوە دێتەوە
ئیتر زیندان چیە؟
٢٠ ساڵە دەرزی ڕقی لێئەدەن
ئەو ڕەچەتەی پێکەوەژیانیان بۆ ئەنوسێ
ئیتر مەسیح چیە؟
٢٠ ساڵە قاچی ئەبڕنەوە
شۆڕش هەر لەسەر پێیە
ئیتر سەرکردە چیە؟
٢٠ ساڵە لەبیر خەڵکی ئەبەنەوە
کەچی خەڵك هەر ئاپۆچیە
تۆ پێمبڵێ ئیتر ئاپۆ چییە؟